تبلیغات
ژوان
ژوان


©

دوشنبه 13 تیر 1384

شێعرێک له "نه‌که‌رۆز" شاعیری به‌ڕێزی هاوچه‌رخ

 

                              تاڵترین شه‌کراو

ده‌مه‌وێ ساد‌ه‌ترین نامه‌ت بۆبنووسم

تاڵترین شه‌کراوی حه‌قیقه‌ت

ساکارترین گوڵوشه‌ی گوڵدانی په‌یڤ

وه‌کو سفره‌ی کرێکارێکی بێکاری

ناو کووچه ته‌نگه‌کانی "فه‌ره‌جه"*

وه‌ک له‌ته ئاوێنه‌ی بن گیرفانی پــڕله ڕازی

کناچه‌ی بن که‌وێڵێکی هه‌ورامان

وه‌ک کراسه یه‌ک ڕه‌نگه‌که‌ی "گاندی" و

چه‌تفه و مشکی سه‌ره پــڕئه‌ندێشه‌که‌ی "قانع"

وه‌ک تۆزی بابردوی گۆ ڕی-

هه‌زاران گیانبازی ون بووی خاک

وه‌ک ته‌نراوی ڕازی یه‌که‌مین عه‌شق

به گوڵی چرپه و دڵه‌ڕاوکێ

له ده‌ستی حه‌ره‌سی چاوانی شه‌قام و شار.....

        ******

ساده‌ترین نامه‌ت بۆ ده‌نووسم

وه‌ک په‌یڤینی کچێکی بێ‌ڕازدار

له گه‌ڵ ئاوێنه‌ی کانیدا

وه‌ک زایه‌ڵه‌ی زێوینی گوێی دره‌ختانی پاییز

له ماڵاوایی ته‌مه‌نێکی سه‌وزدا

وه‌کو سه‌مای ڕه‌نگامه‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر

له ئۆپێرای زریانێکی ئێواره‌دا

وه‌کـــــــــــــــــــــــ ....

نامه‌وێ شێعرت بۆ بنووسم

چونکه ئه‌مــڕۆ هه‌ندێ جانتای ڕه‌نگاوڕه‌نگی

سه‌ر شانی شێعر ئه‌بینم

پـــــڕه له بۆنی وشه‌ی بۆژۆ،

له کاوێژی قیزه‌ونی عه‌شقێکی لایلۆنی

گه‌وره‌کان لووتی لێده‌گرن

مناڵان ختووکه‌ی گالته‌یان پێدێ

نامه‌وێ شێعرت بۆبنووسم

چونکه ئه‌مـــڕۆ هه‌ندێ شاشێعری که‌لاوه ده‌بینم

وه‌ک پاشاکانی ڕۆژهه‌ڵات

هه‌رگیز هه‌رگیز زمانی تاسه‌و

ده‌نگی عه‌شق و ته‌وژمی هه‌ناسه و

ڕه‌نگی خولیاکانی گه‌ل ناناسن

ته‌نیا زاری برسی ڕۆژنامه‌یه‌کی لاواز ده‌یجاوێ

ته‌نیا تریبۆنی که‌ڕی ده‌سه‌ڵاتان گوێی لێده‌گرن

هه‌رگیزبه ناو ڕووباره‌کانی ئه‌ندێشه و

جۆگه‌له‌کانی خه‌یاڵ و

کانیاوه‌کانی ناخا گوزه‌ر ناکات

چاوم لێبوو،

له په‌نجه‌ره‌ی بێ ڕوانگه‌ی گۆڤارێک و

پشتی زینی بێ سواری تریبۆنێک،

شاعیرۆکێک

وشه وشه ملوانکه‌ی ڕه‌نگامه‌ی شێعرێکی گرته‌وه و

کردیه ملی ئه‌سپی فڵان گه‌وره حاکم!

چاوم لێبوو

وشه وشه په‌یژه‌یه‌کی لێ هه‌ڵبه‌ست

بۆ هه‌ر ماڵێ نانی تیا بوو،ناوی تیابوو،

لێی‌دائه‌ناو پیا سه‌ر ئه‌که‌وت!!

له که‌پرۆکه‌ی پـــڕ وه‌هم و ترسی حیزبێکیش

چاوم لێبوو

باوه‌ڕمه‌ندێکی دڵ مۆمکی به‌ر ڕه‌شه‌با

به ئاوی ڕۆح و سووژه‌ی گیان وخاکی وشه

سه‌برسه‌بر قو ڕاوی ئه‌ندێشه‌ی ده‌شێلاو

خشتی خوارو خێچی سیاسه‌تی ده‌پێژا

به شان و قۆڵی زامداری خه‌یاڵه‌وه

نه‌خشه‌ی یۆتۆپیای ئاواتی

بۆ کورده‌واری ساز ده‌کرد

له ئاکامدا خۆی بووبه سه‌ربازێکی ون و

تۆزی ناویشی بابردی...

به‌ڵام له ئه‌نده‌روونی حه‌قیقه‌تی کۆشکێدا

به‌رپرسێکی حیزبه‌که‌ی

ته‌مرینی پاشایی ده‌کرد

چه‌ند شاعیرۆکه‌ش

به سازی وشه و سه‌مای شێعره‌وه

کووره‌ی دڵ و کۆ ڕی پاشایان تاوده‌دا

ئیتر وه‌ره‌س بووم له شاعیر

له خۆم له تۆ...

له‌وانه‌ی به فووی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵده‌ماسن

                  ******

ڕۆژێک مناڵه شێتۆکه‌ی خه‌یاڵم

ده‌ستی برد

جانتای ڕه‌نگاو ڕه‌نگی شێعره‌کانت گه‌ڕا

ناوگیرفانی وشه‌کانتی گشت داته‌کاند

که‌چی،له تۆزی ناو ڕێگه‌ی فستیواڵ و

له ده‌نکه برنجی وشکه‌وه بووی ده‌سه‌ڵات و

له عه‌شقه لایلۆنه‌ی کاڵه‌وه بووی هه‌وه‌س به‌ده‌ر

هیچی نه‌دی

هه‌رچی گه‌ڕا

چاوی شینی وشه‌ی نه‌دی

لێڵ بووبێ له خه‌م،له عه‌شق،له بارانی خۆزگه و خه‌ته‌ر.

 

له ئاوێنه بێــــڕه‌نگه‌که‌ی شێعرت ڕامام

تێیدا سیمای خۆم و خه‌ڵک و خاکم نه‌دی

تروسکه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌کی ئازادی-

چه‌که‌ره‌ی سنه‌وبه‌ری ئه‌ندێشه‌یه‌کی پاکم نه‌دی

دیسان ده‌ستی بێ ئۆقره‌ی خه‌یاڵم

وه‌ک پۆلیسی ڕۆژهه‌ڵات له ماڵی شاعیرێکدا،

ناو شووشه‌به‌ندی خۆر نه‌دیوی شێعروبیرتی

سه‌نگ و سووژن کرد

به‌ڵام له بازرگانی ودروشم بازاڕی ئه‌ده‌بدا

بۆ په‌لکه‌ی هه‌ڵبڕاوی عه‌شقی ژنان

بۆ هه‌ناری گوشراوی گۆناو

بۆ زامی جێ په‌نجه‌ی شه‌لاقی یاسا

چه‌پکه گوڵێکی سۆزی نه‌دی!!!

چونکه فه‌رمووت

من هه‌رگیز شانه‌ی سیاسه‌ت

ناده‌م له قژی هۆنراوه‌م

له کاتێکدا کۆتری باڵ کراوی باوه‌ڕت

چه‌واشه‌ی واشه‌ی سیاسه‌ته

سیاسه‌تێک،جۆماڵکه‌ری ئاوی ئاشی ده‌سه‌ڵاته

ئاشێک که هه‌موو ڕۆژێ

خۆمان و عه‌شق و ئازادیمان ده‌هاڕێ

            *****

ویستم ته‌نیا نامه‌یه‌کت بۆ بنووسم

با لێره‌دا زامه‌کانی سیاسه‌ت و

قژی هه‌ڵکه‌نراوی ئازادی نه‌کولێنمه‌وه

چون ده‌بینم

ئه‌مـــڕۆ مۆدی ڕه‌نگ گۆ ڕانه

هه‌ندێ به‌ناو

ئاڵاگری خه‌مه سمێڵ‌زله‌کانی ژنان و

زریکه سووتاوه‌‌کانی کچانن

که‌چی ئه‌گه‌ر ده‌مامکی تازه‌یان لائه‌ده‌ی،

له دیلخانه‌ی مه‌لی عه‌شقا

هه‌زاران قه‌فه‌زیان بۆکۆتری هاوارداناوه‌

چون ده‌بینم،هه‌ندێ له ژێر  ده‌مامکه‌وه

له سێحرخانه‌ی جانتاکه‌یان

هه‌زاران وشه‌ی باڵدار.

بۆ چاوی ئێمه ده‌فــــڕێنن.

یان به‌سواری ئه‌سپه‌که‌ی "دۆن کیشۆت" ــه‌وه

چه‌پکه دروشمی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ

ئه‌د‌ه‌ن له سینگی حه‌سره‌تخانه‌ی هه‌ژاران و

له پرچی هه‌ڵبـــڕاوی کتێبمان و ئازادیمان

تۆ  و کۆمه‌ڵیش به فه‌خره‌‌وه

چه‌پله‌ڕێزانی باڵایان ده‌که‌ن!

هه‌ر ئه‌وانه،

ئه‌گه‌ر کلیکی ڕاست وچه‌پی مشکه‌که‌ی دڵیان لێبد‌ه‌ی

هه‌زاران قه‌له ڕه‌شکه‌ی پیلان  باڵ ده‌گرن

هه‌زاران دڕووی دهۆ له پاڵ گوڵی وشه‌یاندا

هه‌ر ئه‌وانه

ئه‌گه‌ر کورسیه‌که‌ی ژێریان و

ئه‌گه‌ر ڕه‌مزی ساکه‌که‌ی ده‌روونیان واڵاکه‌ی

لوتکه‌ی شه‌رم سه‌ردائه‌خاو

نهێنیه‌کان سه‌ر ڕێژ ده‌بن

که‌لــله‌ی عه‌شق و په‌لکه‌ی شێعرو

ناخونه‌کانی ئازادی...

لێم ببووره‌

ویستم ته‌نیا نامه‌یه‌‌کت بۆ بنووسم

ساده‌ترین نامه و تاڵترین

شـــه‌کراوی حه‌قیقه‌ت.

 

* فه‌ره‌جه: گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژارنشینی سنه

                                                              8/10/2004  سنه

خوێنه‌رانی به‌ڕێز تکایه بیر و بۆچوون و ڕاڤه‌ی خۆتان بنێرن.   

 

نوشته شده در دوشنبه 13 تیر 1384 و ساعت 01:07 ق.ظ توسط : کانی
ویرایش شده در - و ساعت -

|+| نظر ها ()